2
بەردی زیندوو
1 بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن. 2 وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن، 3 چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.
4 ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، 5 ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، 6 چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە:
[ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
گرنگترین بەردی بناغەی* یان قولینچک. هەڵبژێردراو و گرانبەها،
ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.]† ئیشایا 28:16.
7 بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان،
[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،]‡ زەبوورەکان 118:22
8 هەروەها:
[دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.]§ ئیشایا 8:14.
ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون، چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.
9 بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان* بڕوانە دەرچوون 19:5-6 و ئیشایا 43:20،21.، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەرسوڕهێنەرەکەی. 10 پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرتووە.
11 خۆشەویستان، هەروەک نامۆ و بێگانەن، کەواتە لێتان دەپاڕێمەوە کە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگن. 12 با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خودا، ئەوانیش خودا شکۆدار بکەن.
ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران
13 لەبەر مەسیحی باڵادەست ملکەچی هەموو دەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار، 14 یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران، 15 چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانیی گێلەکان بێدەنگ بکەن. 16 وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین. 17 ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن و ڕێز لە پاشا بگرن.
نموونەی ئازارەکانی مەسیح
18 ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش، 19 چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە. 20 بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا. 21 بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن.
22 [ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو،
فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.]† ئیشایا 53:9.
23 ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە. 24 ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.‡ بڕوانە ئیشایا 53:5 25 ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.
*2:6 یان قولینچک.
†2:6 ئیشایا 28:16.
‡2:7 زەبوورەکان 118:22
§2:8 ئیشایا 8:14.
*2:9 بڕوانە دەرچوون 19:5-6 و ئیشایا 43:20،21.
†2:22 ئیشایا 53:9.
‡2:24 بڕوانە ئیشایا 53:5