8
ئیسرائیل داوای پاشایەک دەکات
1 ئەوە بوو کە ساموئێل پیر بوو کوڕەکانی کردە ڕابەری ئیسرائیل. 2 ناوی کوڕە نۆبەرەکەی یۆئێل و ئەوەی دیکەشیان ئەبیا بوو، لە بیری شابەع دادوەرییان دەکرد. 3 بەڵام کوڕەکانی بە ڕێگای ئەودا نەڕۆیشتن، بەڵکو بەلای دەستکەوتی ناڕەوا لایاندا و بەرتیلیان وەرگرت و دادپەروەرییان لە ڕێی ڕاست لادا.
4 جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل. 5 پێیان گوت: «ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.»
6 بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان، «پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد. 7 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان. 8 ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست. 9 ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و ماف و داواکارییەکانی ئەو پاشایەیان پێ ڕابگەیەنە کە حوکمڕانییان دەکات.»
10 ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد. 11 گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن. 12 هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن. 13 کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر. 14 باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باخی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی. 15 دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی. 16 کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت. 17 دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی* وەک چۆن لە میسر کۆیلەی فیرعەون بوون. بڕوانە دەرچوون 1:11 و دواوتار 6:21؛ 28:36،68. ئەو. 18 جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.»
19 بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات، 20 تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.»
21 جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بۆ یەزدان گێڕایەوە. 22 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.»
ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.»