2
1 «بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“
سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل
2 «سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،
چونکە ئەو ژنی من نییە و
منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
3 ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
بە تینووێتی دەیمرێنم.
4 بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
چونکە زۆڵن.
5 بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
ئەوانەی نان و ئاو،
خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
6 لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
7 دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
8 ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
9 «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
لەبەری دادەکەنم.
10 ئێستا شوێنی شەرمی
لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
جەژن و سەرەمانگەکانی،
شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
دوای خۆشەویستانی کەوت،
بەڵام منی لەیاد کرد.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
دەیبەمە چۆڵەوانی و
بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
دۆڵی عاخۆر* (عاخۆر) وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع بەشی 7. دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
ئیتر ناویان ناهێنێت.
18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
بە ڕاستودروستی و دادوەری،
بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
دان بە یەزداندا دەنێیت.
21 «یەزدان دەفەرموێت:
لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل† یەزرەعیل: ناوێکی عیبری واتە (خودا دەیچێنێت). دەبێت.
23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“
ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»
*2:15 (عاخۆر) وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع بەشی 7.
†2:22 یەزرەعیل: ناوێکی عیبری واتە (خودا دەیچێنێت).