21
پەیداکردنی ژن بۆ نەوەی بنیامین
1 پێشتر پیاوانی ئیسرائیل لە میچپا سوێندیان خواردبوو و گوتبوویان: «کەس لە ئێمە کچی خۆی ناداتە نەوەی بنیامین بۆ هاوسەرگیری.»
2 ئینجا گەل چوون بۆ بێتئێل و هەتا ئێوارە لەوێدا لەبەردەم خودا مانەوە و دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، گریانێکی بەکوڵ. 3 گوتیان: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمە لە ئیسرائیلدا ڕوویدا، هەتا ئەمڕۆ نەوەی ئیسرائیل هۆزێک لە دەست بدات؟»
4 بۆ ڕۆژی دواتر گەل زوو هەستا و لەوێدا قوربانگایەکیان دروستکرد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد.
5 ئینجا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کێ بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتە بەردەم یەزدان؟»* ئەو کەسانەی کۆبوونەتەوە بۆ پێکهێنانی لەشکر. بڕوانە 20:1. لەبەر ئەوەی سوێندیان خواردبوو کە هەرکەسێک نەیەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا، دەبێت بکوژرێت.
6 ئینجا نەوەی ئیسرائیل ئاخیان بۆ بنیامینی برایان هەڵکێشا و گوتیان: «ئەمڕۆ هۆزێک لە ئیسرائیلدا دابڕا. 7 بۆ ئەوانەی لێیان ماونەتەوە چی بکەین لەبارەی ژنەوە، چونکە ئێمە سوێندمان بە یەزدان خواردووە کە لە کچەکانمان ژنیان نەدەینێ؟» 8 ئینجا گوتیان: «چ هۆزێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل نەهاتووەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا؟» جا بۆیان دەرکەوت کەس لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بۆ کۆبوونەوەکەی ئۆردوگا نەهاتووە، 9 چونکە کاتێک گەلیان ژمارد، تەماشایان کرد تەنها یەک پیاویش لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد نەهاتووە.
10 ئینجا کۆمەڵەکە دوازدە هەزار جەنگاوەریان بۆ ئەوێ نارد و ڕایانسپاردن و گوتیان: «بڕۆن و دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بدەنە بەر شمشێر، بە ژن و منداڵەکانیشەوە. 11 دەبێت ئەمەش بکەن، هەموو نێرێک و هەموو ئافرەتێک لەناو ببەن کە لەگەڵ نێر پاڵکەوتبێت.» 12 جا لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاددا چوار سەد کچی پاکیزەیان بینییەوە کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو، ئەوانیان هێنا ئۆردوگاکە لە شیلۆ ئەوەی لە خاکی کەنعان بوو.
13 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ناردیان و لەگەڵ نەوەی بنیامین ئەوانەی لە تاشەبەردی ڕیمۆندا بوون قسەیان کرد و بانگیان کردن بۆ ئاشتبوونەوە. 14 جا لەو کاتەدا نەوەی بنیامین گەڕانەوە و ئەو کچانەیان دانێ کە لە یاڤێش گلعاد بە زیندوویی هێشتبوونیانەوە، بەڵام هێشتا بەشی هەموو پیاوەکانی نەوەی بنیامینی نەکرد.
15 گەلیش ئاخیان بۆ نەوەی بنیامین هەڵکێشا، چونکە یەزدان کەلێنی کردە ناو هۆزەکانی ئیسرائیلەوە. 16 ئینجا پیرانی کۆمەڵەکە گوتیان: «ژن لە نەوەی بنیامین نەماوە، چی بۆ ئەوانی دیکە بکەین لەبارەی ژنانەوە؟ 17 پێویستە دەربازبووەکانی بنیامین میراتگریان هەبێت، تاکو هیچ هۆزێک لە ئیسرائیل نەسڕێتەوە. 18 ئێمەش ناتوانین لە کچەکانمان ژنیان بدەینێ، چونکە نەوەی ئیسرائیل سوێندیان خواردووە و گوتوویانە، ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی ژن دەدات بە نەوەی بنیامین.“ 19 ئەوەتا هەموو ساڵێک لە شیلۆدا جەژن دەگێڕن بۆ یەزدان، لە باکووری بێتئێل لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێگایەی لە بێتئێلەوە سەردەکەوێت بۆ شەخەم و لە باشووری لەڤۆنە.»
20 ئینجا فەرمانیان دا بە نەوەی بنیامین و گوتیان: «بڕۆن و لە ڕەزەمێوەکاندا بۆسە بنێنەوە و 21 چاوەڕێ بکەن هەتا کچانی شیلۆ دەچنە ناو سەماکردن، ئینجا ئێوە لە ڕەزەمێوەکانەوە وەرنە دەرەوە و هەریەکە و کچێک لە کچەکانی شیلۆ بۆ خۆتان بڕفێنن، بگەڕێنەوە بۆ خاکی بنیامین. 22 جا ئەگەر باوک و براکانیان هاتن بۆ ئەوەی سکاڵامان لەلا بکەن، پێیان دەڵێین: ”لەبەر ئێمە بەزەییتان پێیاندا بێتەوە، چونکە لە جەنگدا بۆ هەریەکیان ژنێکمان دەست نەکەوت. ئێوەش تاوانبار نین لە شکاندنی سوێندتان، چونکە بە ڕەزامەندی خۆتان کچەکانتان نەدانێ.“»† بڕوانە ئایەتی 7.
23 ئینجا نەوەی بنیامین ئاوایان کرد و بەپێی ژمارەیان ژنیان بۆ خۆیان لەو سەماکەرانە ڕفاند، ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ میراتەکەیان‡ بۆ میراتەکەیان: بڕوانە یەشوع 18:11-28. و شارۆچکەکانیان بنیاد ناوە و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
24 ئینجا لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە گەڕایەوە بۆ هۆزەکەی و خێڵەکەی. هەریەکە لەوێوە چووە دەرەوە بۆ میراتەکەی.
25 لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو و هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
*21:5 ئەو کەسانەی کۆبوونەتەوە بۆ پێکهێنانی لەشکر. بڕوانە 20:1.
†21:22 بڕوانە ئایەتی 7.
‡21:23 بۆ میراتەکەیان: بڕوانە یەشوع 18:11-28.