36
میراتەکەی کچانی سەلۆفحاد
1 گەورەی بنەماڵەکانی خێڵی نەوەی گلعادی کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە کە لە خێڵەکانی نەوەی یوسفن، هاتنە پێش و لەبەردەم موسا و بەردەم گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل دوان و 2 گوتیان: «کاتێک یەزدان فەرمانی بە گەورەم کرد، کە خاکەکە بە میرات بە تیروپشک بداتە نەوەی ئیسرائیل، هەروەها فەرمانی پێ کردیت کە میراتەکەی سەلۆفحادی برامان بدەیتە کچەکانی. 3 جا ئەگەر گریمان بوونە ژنی پیاوێک لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان لە میراتی باوکانمان دەبردرێت و دەخرێتە سەر میراتی ئەو هۆزە کە بۆ ئەوان بوون، جا بەشێک لە تیروپشکی میراتەکەمان دەبردرێت. 4 کاتێک بووە ساڵی یۆبیل* ساڵی یۆبیل: یۆبیل وشەیەکی عیبرییە بە واتای بەران دێت، ساڵی یۆبیل ساڵی ئازادکردنی کۆیلە و لێخۆشبوونە لە قەرز، لەو ساڵەدا کە فوو بە قۆچی بەران دەکەن وەک کەڕەنا ئیتر ئەوە ڕاگەیاندنە بۆ گەڕانەوەی هەموو ماڵوموڵکێک بۆ خاوەنەکەی خۆی. بڕوانە لێڤییەکان 25:8-55. بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان دەچێتە سەر میراتی ئەو هۆزەی کە بۆیان بوون و لە میراتی هۆزی باوکانمان میراتیان دەبردرێت.»
5 جا موسا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «هۆزی نەوەی یوسف ڕاستیان گوت. 6 یەزدان فەرمانی ئەمەی کرد سەبارەت بە کچانی سەلۆفحاد و فەرمووی، ئەوەی ئەوان پێیان خۆشە با شووی پێ بکەن، بە مەرجێک لە خێڵی هۆزی باوکانیان بێت. 7 میراتی نەوەی ئیسرائیل لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی هۆزی باوکانی دەبێت. 8 هەر کچێکیش لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل میراتی وەرگرت، ئەوا دەبێتە ژنی یەکێک لە خێڵی هۆزی باوکی، هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە ببێتە میراتگری میراتی باوکانی. 9 هیچ میراتێک لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی خۆی دەبێت.»
10 وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، کچانی سەلۆفحاد ئاوایان کرد. 11 مەحلە و تیرزە و حۆگلە و میلکە و نۆعا کە کچانی سەلۆفحادن بوونە ژنی ئامۆزاکانیان؛ 12 بوونە ژن لە خێڵەکانی نەوەی مەنەشەی کوڕی یوسف، ئیتر میراتەکەیان لە خێڵ و هۆزی باوکانیان مایەوە.
13 ئەمە ئەو فەرمان و ڕێسایانەیە کە یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد، بە دەستی موسا لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا.
*36:4 ساڵی یۆبیل: یۆبیل وشەیەکی عیبرییە بە واتای بەران دێت، ساڵی یۆبیل ساڵی ئازادکردنی کۆیلە و لێخۆشبوونە لە قەرز، لەو ساڵەدا کە فوو بە قۆچی بەران دەکەن وەک کەڕەنا ئیتر ئەوە ڕاگەیاندنە بۆ گەڕانەوەی هەموو ماڵوموڵکێک بۆ خاوەنەکەی خۆی. بڕوانە لێڤییەکان 25:8-55.