زەبووری 142
هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ.
پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،
لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
 
لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،
تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.
لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،
خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،
کوا ناسیاوی من؟
پەناگا بۆ من قڕبووە،
کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
 
ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،
گوتم: «تۆ پەناگای منی،
لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
 
بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،
چونکە زۆر زەلیلم،
لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،
چونکە لە من بەهێزترن.
گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.
ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،
چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.