6
هەڵبژاردنی حەوت خزمەتکار
1 لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد، جولەکە یۆنانییەکان* ئەو جولەکانەی لە دەرەوەی فەلەستین بە زمانی یۆنانی قسە دەکەن. بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان† ئەو جولەکانەی لەناو فەلەستین بە زمانی عیبری قسە دەکەن. کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانە بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن. 2 بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان: «باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین. 3 خوشک و برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین. 4 ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.»
5 هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە. 6 لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان.
7 ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو، ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون، ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون.
گرتنی ستیفانۆس
8 ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. 9 جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. 10 بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.
11 بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»
12 ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان و بۆ ئەنجومەنی باڵایان هێنا. 13 شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە‡ پەرستگا و تەورات، 14 ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»
15 جا هەموو ئەوانەی لە ئەنجومەنی باڵا دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.
*6:1 ئەو جولەکانەی لە دەرەوەی فەلەستین بە زمانی یۆنانی قسە دەکەن.
†6:1 ئەو جولەکانەی لەناو فەلەستین بە زمانی عیبری قسە دەکەن.
‡6:13 پەرستگا