16
قسەی پێنجەمی ئەیوب
1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،
هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
3 ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟
یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
4 منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،
ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛
قسەم بۆ دەگێڕانەوە و
سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
5 بەڵام بە دەم هانم دەدان و
جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.
6 «ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،
ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
7 ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم،
هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە.
8 سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت،
لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
9 تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،
ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،
دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم.
10 خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،
بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،
پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
11 خودا منی دایە دەست زۆردار و
فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە.
12 من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم،
پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.
منی کرد بە نیشانی خۆی؛
13 تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.
جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،
زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
14 جار لەدوای جار شەقم دەکات،
وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.
15 «جلوبەرگی گوشم* لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە. بە پێستمەوە دووری و
خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
16 دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و
ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
17 لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و
نوێژەکەم بێگەردە.
18 «ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە،
با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
19 ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،
پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
20 ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.
کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،† لە هەندێک وەرگێڕانەکان دەگوترێت: هاوڕێیەکانم گاڵتە پێم دەکەن.
21 ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،
وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.
22 «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،
لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.
*16:15 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
†16:20 لە هەندێک وەرگێڕانەکان دەگوترێت: هاوڕێیەکانم گاڵتە پێم دەکەن.