زەبووری 129
گۆرانی گەشتیاران.
1 «لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!»
با ئێستا ئیسرائیل بڵێت:
2 «لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!
بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون.
3 جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و
هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.»
4 بەڵام یەزدان ڕاستودروستە،
پەتی بەدکارانی پچڕاند.
5 با هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە
ڕیسوا بن و ببەزن.
6 با بە دەردی گیای سەربان بچن،
پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت،
7 ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و
نە باوەشی گیشەکەر* ئەو کەسەیە کە لەدوای دروێنەکەران گوڵە گەنمەکان بە باوەش کۆدەکاتەوە..
8 با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن:
«بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت!
بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»