زەبوورەکان. 3. زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی کوڕی هەڵات. ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن! چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە! زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن: «خودا ڕزگاری ناکات.» بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت، شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە. پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم، ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە. ڕادەکشێم و دەخەوم، بەئاگادێمەوە، چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات. لە دەیان هەزار کەس ناترسم، ئەوانەی دەوریان گرتووم. ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودای من، ڕزگارم بکە! بێگومان لە بناگوێی دوژمنەکانم دەدەیت و کەڵبەی بەدکاران وردوخاش دەکەی. ڕزگاری لە یەزدانەوەیە، با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.