زەبوورەکان. 12. بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شێوەی شیمینیت. زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، ڕزگارمان بکە، چونکە کەسی خواناس نەماوە، چونکە لەناو ئادەمیزادان دڵسۆز نەماوە. هەمووان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن، بە لێوی ڕیایی و دڵی ساختەوە قسە دەکەن. یەزدان هەموو لێوە ڕیاییکەرەکان دەبڕێت، هەموو ئەو زمانانەی بە فیزەوە دەدوێن، ئەوانەی دەڵێن: «بە زمانی خۆمان زاڵ دەبین، بە لێوی خۆمان سەرکەوتوو دەبین. کێ هەیە ببێت بە گەورەمان؟» یەزدان دەڵێت: «لەبەر ستەمکاری لە هەژاران و ناڵەی کڵۆڵان، ئێستا ڕادەپەڕم، ئەو ئاسوودەییەیان دەدەمێ، لەوانەی پەستیان دەکەن.» وتەکانی یەزدان وتەی پاکن، وەک ئەو زیوەیە لە بۆتەی گڵین پاڵێورابێت، حەوت جار پاڵێوراوە. ئەی یەزدان، دەمانپارێزیت و هەتاهەتایە لەم جۆرە کەسانە پاسمان دەکەیت. بەدکارەکان بە هەموو لایەکدا بە ئازادی دەگەڕێن، کاتێک خەڵکی بە شان و باڵی خراپەدا هەڵدەدەن.