زەبوورەکان. 47. بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن، بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن. یەزدانی هەرەبەرز بە سامە، پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە. نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان، گەلانی خستە ژێر پێمان. میراتی بۆ هەڵبژاردین، ئەو خاکە کە شانازی نەوەی یاقوبە، ئەوانەی کە ئەو خۆشی ویستن. لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە، یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا. گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش، گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش. خودا پاشای هەموو زەوییە، هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن. خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات، خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت. سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە، چونکە پاشاکانی زەوی هی خودان، ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.