زەبوورەکان. 111. هەلیلویا! بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم، لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان. کردارەکانی یەزدان مەزنن، هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن. بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی، ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە. وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە، یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە. خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن، هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە. هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە، بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون. کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە، ڕێنماییەکانی جێی متمانەن، هەتاهەتایە چەسپاون، بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون. کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد، فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە، پیرۆز و سامناکە ناوی. لەخواترسی سەرەتای داناییە، تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن. ستایشەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.