زەبوورەکان. 126. گۆرانی گەشتیاران. کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە، وامان لێهات وەک خەون ببینین. ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و زمانمان پڕ هەلهەلە بوو، ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان: «یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!» یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد، شادمان بووین. ئەی یەزدان، ڕاپێچکراوانمان بگەڕێنەوە، وەک جۆگەکانی نەقەب. ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن، بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن. ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و تۆو بۆ چاندن بار دەکات، بە هەلهەلەوە دێتەوە و بەرهەمەکەی بە مەڵۆ بار دەکات.