زەبوورەکان. 129. گۆرانی گەشتیاران. «لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!» با ئێستا ئیسرائیل بڵێت: «لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم! بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون. جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.» بەڵام یەزدان ڕاستودروستە، پەتی بەدکارانی پچڕاند. با هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە ڕیسوا بن و ببەزن. با بە دەردی گیای سەربان بچن، پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت، ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و نە باوەشی گیشەکەر. با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن: «بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت! بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»